لڤین
دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی ورد و گشتگیریان کردووەتە سەر سێ ناوەندی سەرەکی ئەتۆمیی ئێران کە ئەوانیش فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان و سەرجەمیان خاپوور بوون.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، ئێران بە ئاشتی رازی نەبێت یان بیر لە وەڵامدانەوە بکاتەوە، کارەساتێکی گەورەی بەسەردا دێت، بۆیە ئامانجی هێرشەکان راگرتنی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران بوو.
فۆکس نیوز لەزاری ترەمپەوە رایگەیاند، ئەو چەکانەی بەکارهاتوون لە هێرشەکەدا شەش بۆمبی GBU-57 و 30 مووشەکی تۆماهۆک بوون.
بۆمبی GBU-57 بۆمبێکی زەبەلاحە کە کێشەکەی 13 تۆنە و تەنها لەنێو زەویدا دەتەقێتەوە، دەتوانێت 200 مەتر خاک یان 60 مەتر کۆنکرێت ببڕێت. ئەم بۆمبە تەنها فڕۆکەی B-2ـی ئەمریکی لەتوانایدا هەیە هەڵیبگرێت و هەر فڕۆکەیەک تەنها یەک بۆمبی پێ هەڵدەگیرێت.