لڤین
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رێنمایی دارایی ژمارە دووى ساڵی 2025، تایبەت بە ئاسانکاری جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی هەموارکراوى عێراق بڵاوكرده‌وه.
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رێنماییه‌كه‌دا رایگەیاندووە، ته‌مه‌نی یاسایی خانه‌نشینی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران له هه‌رێمی كوردستان ته‌واوكردنی ته‌مه‌نی 60 ساڵی ده‌بێت و به رۆژ و مانگ و ساڵ، به‌بێ ره‌چاوكردنی ماوه‌ی خزمه‌تی پێویست و پێویسته ده‌ستبه‌جێ ناوه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی خانه‌نشینی بكرێت.
هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، ئەو فەرمانبەرانەى راژەى زانکۆیى و هەڵگرى پڕۆفیسۆر و پرۆفیسۆرى یاریدەدەر و پزیشکانى دادوەرى و سڕکردن و دەروونى، هەروەها راوێژکاران و راویژکارانى یاریدەدەر لە ئەنجوومەنى شوراى هەرێم و فڕۆکەوانى مەدەنى لەتەمەنى 63 ساڵى خانەنشین دەکرێن.
وەزارەتى دارایى ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئەو فەرمانبەرانەى کەسوکارى پلەیەک و پلە دووى شەهیدانن، لەگەڵ ئەو فەرمانبەرانەى فەسڵکراوى سیاسین و گەڕێندراونەتەوە بۆ راژەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و زیندانیانى سیاسى لە تەمەنى 65 ساڵى خانەنشین دەکرێن.
هاوکات، ئەوەشى روونکردووەتەوە، فەرمانبەرانى گرێبەست بەرێژەى لەسەدا 75% لە کەمترین مووچەى خانەنشینى خانەنشین دەکرێن، بەمەرجێک خزمەتیان لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت و تەمەنیان لە 50 ساڵ بێت و لێبڕینى خانەنشینى 15 ساڵ بدات.