لڤین
رەزا پەهلەوی، کوڕی محەمەد رەزا پەهلەوی، شای ئێران و شازادەی جێنشينی پێشوو لە پەيامێکی ڤيديۆيیدا داوا لە ئێرانييەکان دەکات، بێنەسەر شەقامەکان و وڵاتەکەیان وەربگرنەوە.
دەشڵێت “ئێستا کاتی هەڵسانەوەیە، کاتی وەرگرتنەوەی ئێرانە، کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە کۆتایی و لە داڕماندایە”.
رەزا پەهلەوی کوڕی شای پێشووی ئێران لەو بارەیەوە گوتی ” هاونیشتمانییانی من، کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە کۆتایی و لە سەروەختی داڕماندایە. خامنەیی وەک مشکێکی ترساو، خۆی حەشارداوە لەژێر زەویدا و کۆنترۆڵی دۆخەکەی لەدەستداوە. ئەوەی دەستیپێکردووە، گەڕانەوەی نییە، داهاتووش گەشاوەيە و پێکەوە بەم وەرچەرخانەی مێژوودا تێدەپەڕین.
کۆتاییهاتنی کۆماری ئیسلامی کۆتایی شەڕی ٤٦ ساڵەی دژبە نەتەوەی ئێرانە، لە ئێستادا پێویستە راپەڕینێکی سەرتاسەری بکرێت بۆ کۆتاییهێنان بەم تارماییە بە یەکجاری و بۆ هەمیشە.
ئێستا کاتی هەڵسانەوەیە؛ کاتی وەرگرتنەوەی ئێرانە، با هەموومان بێینە پێشەوە لە بەندەر عەباسەوە بۆ بەندەر ئەنزەلی، لە شیرازەوە بۆ ئیسفەهان، لە تەبرێزەوە بۆ زاهیدان، لە مەشهەدەوە بۆ ئەهواز، لە شەهرکۆردەوە بۆ کرماشان، و کۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنین.”