ئێران هەڕەشەی درووستکردنی قەیرانی وزەی جیهانی دەکات ؛ گەروی هورمز لەمەترسیدایە
لڤین
تاران/لەندەن – ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری پەرلەمانتارێکی ئێرانیەوە ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بژاردەی داخستنی گەروی هورمز تاوتوێ دەکات وەک چەکێک لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل.
مەترسی قەیرانی وزەی جیهانی:
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، ئەگەر ئێران ئەم هەڕەشەیە جێبەجێ بکات، گورزێکی گەورە لە بازاڕی وزەی جیهان دەدات. ئەم کارە ڕێگری لە گەیشتنی 16-17 ملیۆن بەرمیل نەوت و ملیۆنان تۆن گازی سروشتی دەکات کە ڕۆژانە بۆ بازاڕەکانی جیهان دەنێردرێن.
نرخی نەوت لەگەڵ یەکەم ساتی داخستنی گەروەکە دەکرێت بگاتە سەروی 100 دۆلار، کە دواتر قەیرانی وزە لە ئەوروپا، ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دروست دەکات.
گرنگی ستراتیژی گەروی هورمز:
گەروی هورمز شوێنی تێپەڕاندنی نەوتی وڵاتانی سعودیە عێراق، کوەیت، ئیمارات، قەتەر، ئێران و بەحرەینە بۆ وڵاتانی جیهان. هەروەها لە ڕێگەی ئەوەشەوە گازی پەستێنراوی قەتەر و ئێران گوازرێتەوە.
جوگرافیای گەروەکە بەجۆرێکە کە لە دورگەی لارک و کیشی ئێران بۆ ئیمارات و عومان کەمتر لە 40 کیلۆمەترە کە ئەمەش وای کردووە ڕێڕەوی سەرەکی تێپەڕاندنی کەشتیەکان بێت.
ئەزموونی حوسیەکان وەک نموونە:
ئەزموونی حوسیەکان لە پەلاماردانی کەشتیەکانی دەریای سوور (بابولمەندەب) ئەوە دووپات کردووەتەوە کە ئێران و هاوپەیمانەکانی دەتوانن بە ئاسانی جوڵەی کەشتیوانی پەک بخەن.
مەترسی ئابووری جیهان:
ئەم هەڕەشەیە نە تەنها کاریگەری لەسەر بازاڕی وزە دەبێت، بەڵکو دەکرێت قەیرانێکی فراوانی ئابوری لە سەرتاسەری جیهان دروست بکات، چونکە زۆربەی وڵاتان پشت بە وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستن.