لڤین
تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق پێشوازی لە شاندێکی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی کرد و رایگەیاند، بە مەرجی تەوتین و رادەستکردنی داهاتەکان مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێرین.
دوای کۆبوونەوەکەی تەیف سامی و دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ تەیف سامی وەزیری دارایی لەگەڵ شاندێکی مامۆستایانی سلێمانی کۆبووەوە و تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانیان بە گوێرەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی تاوتوێکرد.
ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەلە بکات لە تەوتین و رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، مامۆستایان چەند داواکارییەکیان پێشکەشکرد بۆ جێبەجێکردنی لە چوارچێوەی یاسای بودجە.
بڕیاریشە کاتژمێر نۆی ئەمشەو مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ تەیف سامی بۆ رایگشتی رابگەیەنن.
لە رۆژی 28ـی مانگی رابردوو تەیف سامی بە بڕیارێک ناردنی پارەی مووچەی بۆ هەرێمی کوردستان راگرت، ئەوەش بە بیانووی رادەستنەکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی و ئەنجامنەدانی تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
هاوکات هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە بەڵام باسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان نەکرد.