لڤین
سبەی، لە هەرێمی کوردستان دەستبەوەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ وەرزی 2025 دەکرێت، رۆژی یەکەمیش لە هەردوو سایلۆی پیرەمەگروون و چەمچەماڵ، گەنم وەردەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی لە راگەیەندراێکدا دەڵێت، ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵی رابردوو وەرگرتنی گەنم بەگوێرەى ناوچەکانە، سبەی گەنمى جوتیارانی سنووری هەردوو بەشی کشتوکاڵی پیرەمەگروون و تانجەرۆ”عەربەت” وەردەگیرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا داواکراوە، “دەبێت جوتیاران بارهەڵگرەکانیان پڕ لە دانەوێڵە بن و بە یەکڕیز بوەستن، ئەگەرنا باج بە هیچ بارهەڵگرێک نادرێت، جگەلەوەی پێویستە تەنیا شۆفێری بارهەڵگرەکە بچێتە ژوورەوە بۆ راییکردنی مامەڵەکان”.
هاوکات سایلۆی چەمچەماڵ بڵاویکردووەتەوە، لە سبەیەوە دەست بەوەرگرتنی گەنم دەکرێت ئەوەش لەپاش ئەوەی پێشتر لەلایەن بەرپرسانەوە تیروپشک لەنێوان شوێنەکان کرا بۆ ئەوەی نۆرەی وەرگرتنی گەنم رێکبخرێت، هەر جوتیارێک بەگوێرەی ئەو رۆژەی بۆی دیاریکراوە گەنمەکەی لێ وەردەگیرێت.
سایلۆی چەمچەماڵ دەشڵێت، هەموو شارەدێیەکان بەسەر سێ هەفتەدا دابەشکراون، پاشان گەنم لەو کەسانە وەردەگیرێت کە دواکەوتوون لە رادەستکردنی گەنم، بەجۆرێک هەفتەی یەکەم لە ناوچەکانی ( چەمچەماڵ- تەکیەی کاکەمەند – شۆڕش) هەفتەی دووەم لە (سەنگاو – تەکیەی جەباری) و هەفتەی سێیەم لە (قادرکەرەم – ئاغجەلەر) گەنم وەردەگیرێت.
هاوکات سایلۆکە کۆمەڵێک رێنمایی بۆ جوتیاران و پرۆسەی وەرگرتنی گەنم بڵاوکردەوەتەوە، تیایدا هاتووە؛ بەگوێرەی نووسراوی پشتگیریی بەشە کشتوکاڵییەکان نۆرەی وەرگرتنی گەنم دیاری دەکرێت بۆیە داواکارن جوتیاران هیچ بڕەگەنمێک نەهێنن تاڕۆژی وەرگرتنی بۆدیاری دەکرێت، دەشڵێن “گەنم لەئۆتۆمبێلی پیکئاب وەرناگیرێت”.
ئەوەشهاتووە، دەبێت هەموو بارهەڵگرەکان ژمارە، ساڵیانەی ئەسڵی و کۆپییەکی لەوان پێبێت.
بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، رۆژی 10ـی ئەم مانگە لە سلێمانی و رۆژی 12ـی ئەم مانگە لە هەولێر دەستدەکرێت بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ وەرزی بە بازاڕکردنی گەنمی 2025.
حکومەتى عێراق، بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ سەرجەم بەرهەمى گەنمى جوتیارانی سەر بە ناوەند وەربگرێتەوە، یەک تۆن گەنم کە پشت بە سیستمى ئاودانى دەستکرد دەبەستێت، 850 هەزار دینار و ئەوەى پشت بە ئاوى بارانبارین بەستووە، بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت بۆ یەک تۆن، بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە سەرجەم گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت و تەنیا 400 هەزار تۆن بڕیاری وەرگرتنی دراوە.