لڤین
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، بەمنزیکانە پێشنیازی خۆیان لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەدەنە ئەمریکا و پێشنیازەکەی ئەمریکاشی لەوبارەیەوە بە “ناڕوون” وەسفکرد.
ئەمڕۆ دووشەممە (9ی حوزەیرانی 2025) ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، پێشنیازە تایبەتەکەی خۆیان لە رێگەی عومانەوە پێشکەش بە ئەمریکا دەکەن.
بەقائی ئاشکرایکرد، پێشنیازەکەی ئەوان گونجاو، لۆجیکی و هاوسەنگە، بۆیە ئامۆژگاریی لایەنی ئەمریکی دەکەن ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە.
بەقائی پێشنیازەکەی ئەمریکای تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی رەتکردەوە و پێیوایە، دەرئەنجامی ئەو دانوستانانە نییە کە ئەوان ئەنجامیان داوە.
لەبارەی خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات، گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشكرایکرد، تاوەکو ئێستا هیچ وردەکارییەک لەبارەی وادەی ئەو کۆبوونەوەیە لەبەردەستیان نییە.
هەفتەی رابردوو، عەلی خامنەیی، رێبەڕی باڵای ئێران پێشنیازەکەی ئەمریکای بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی رەتکردەوە و رایگەیاند، دژی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە.