لڤین
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، کۆتاییهاتنی وەرگرتنى بەرهەمی گەنمی ناوخۆیی لە پارێزگاکانی باشوور راگەیاند و سێشەممەش لە هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، “بڕی وەرگیراوى گەنم لە هەندێک ناوچە لە ئاستى پێشبینییەکان زیاتر بووە”. ئەوەشى بۆ رەنگدانەوەی هۆشیاری جوتیاران و پابەندبوونیان بە رێنماییە کشتوکاڵییەکان و کوالیتی بەرهەمهێنانى گەنم گەڕاندووەتەوە.
وەزارەتى بازرگانى دەشڵێت “عێراق بەرەو خۆبژێوى لە گەنمدا هەنگاو دەنێت و پێشبینیش دەکرێت بڕی بازاڕکردن واتە وەرگرتنى گەنم لەمساڵدا بگاتە نزیکەی پێنج ملیۆن تۆن”.
ئەوەش پاش ئەوەدێت، دوێنێ وەزارەتەکە رایگەیاندبوو، بڕى سێ ملیۆن و 400 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژى سێشەممە 10ـى حوزەیران، وەرگرتنى گەنم لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەستپێبکات، کە 400 هەزار تۆن دیاریکراوە و بۆ ئەو مەبەستەش 11 سایلۆ ئامادەکراون.
وەزارەتى بازرگانیى عێراق، نرخى یەک تۆن گەنم بە 800 بۆ 850 هەزار دینار وەردەگرێت.