لڤین
بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا و چەکدارە دروزەکانەوە، لانیکەم 22 کەس کوژراون.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی نێوان گرووپە چەکدارەکانی دروز و هێزەکانی سەربە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سووریا، تاوەکو ئێستا 22 کەس کوژراون.
بەگوێرەى روانگەی سووری، 16 چەکدارى سەربە حکومەتی سووریا و شەش چەکدارى دروزەکان لەو رووبەڕوبوونەوانەدا کوژراون.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، هێزەکانی گەیشتوونەتە ناو گەڕەکی ئەشەرەفییەی سەحنایا و هەوڵی چەککردنی گرووپە “لەیاسا دەرچووەکان” دەدەن.
دانیشتووانی شارۆچکەی ئەشرەفییەی سەحنایا و دەوروبەری، داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکەن، سنوورێک بۆ گرژییەکان دابنێن و هۆشدارییانداوە، لە مەترسیی گرژییەکان بۆسەر دانیشتووان و ئاسایشی ناوچەکە .
بەردەوامیی ئەو گرژییانەی ئێستا لەو ناوچەیە هەیە، پاش ئەوەهات، رۆژی 29ـی نیسانی 2025، تۆمارێکی دەنگی بڵاوکرایەوە ودروزەکان بە سوکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام تۆمەتبارکران و بووەهۆى گرژی و رووبەڕووبونەوەی توند لەنێوان ئەندامانی ئاسایش و چەکدارانی دروزدا.
هاوکات ئیسرائیل فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد، لە ئەگەری هێرشکردنە سەر دروزەکان، چەند ئامانجێکی سەربە حکومەتی سووریا لە دیمەشق بۆردوومان بکەن.