لڤین
ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی بەندەری شەهید رەجایی لە شاری بەندەر عەباس بۆ 28 کەس و برینداربوونی نزیکەی هەزار کەس بەرزبووەوە، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی شوێنی تەقینەوەکانی کرد و رووسیاش تیمی فریاگوزاریی خێرا رەوانەی ناوچەکە دەکات.
میدیاى فەرمیى ئێران بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە لە کۆگایەکى سوتەمەنى لە بەندەر عەباس روویداوە و بەهۆیەوە سەرجەم کارەکانى بەندەرەکە راگیراون.
بەگوێرەى میدیای ئێران، چەند کاتژمێرێک پاش تەقینەوەکان، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی بەندەری شەهید رەجایی لە بەندەر عەباس کردووە و داوای لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەشی لە هۆکارەکانی تەقینەوەکە کردووە.
لای خۆشییەوە، ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە هێزەکانی فریاگوزاریی خێرای وڵاتەکەی کرد، فڕۆکە و هێزی تایبەت رەوانەی بەندەر عەباس بکەن بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئێران لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە و دوورخستنەوەی پاشماوەی تەقینەوەکان.
هاوکات، چەندین وڵاتی ناوچەکە، لەنێویاندا، سعودیە، هاوخەمیی خۆیان ئاڕاستەی بەرپرسانی تاران کردووە و تێیدا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی ئێران لە گواستنەوەی بریندارەکان و دوورخستنەوەی کاریگەریی تەقینەوەکان لەناوچەکەدا.
تاوەکو ئێستا هۆکارى تەقینەوەکە نەزانراوە، وەزارەتی بەرگریی ئێران جەختیکردەوە هیچ کەرەستەیەکی سەربازیی لەناو کۆگاکانی بەندەرەکەدا نەبووە، پارێزگارى هورمزگانیش داوای لە هاوڵاتییانى پارێزگاکە کردووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازە ژەهراوییەکانەوە لە حاڵەتی زۆر پێویستدا نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.
هاوکات وەزارەتى نەوتى ئێران رایگەیاندووە، تەقینەوەکەى بەندەر عەباس پەیوەندیدار نەبووە بە دامەزراوەکانى وەزارەتى نەوتەوە و ئەو دامەزراوانە لەکارەکانى خۆیان بەردەوامن.