لڤین
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، پێت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەندێک زانیاریی نهێنیی لەسەر بۆردومانکردنی یەمەن لە گروپێکی گفتوگۆکردندا بڵاوکردووەتەوە. ئەو گروپە هاوسەری وەزیرەکە و برایەکی و پارێزەرەکەشیی تێدابووە.
رۆژنامەکە نوسیویەتی، ئەمە دووەمین جارە زانیاریی نهێنیی لەدەستی ئەو وەزیرەوە دەردەچێت و دەگات بە کەسانێک کە نابێت ئاگاداری ئەو زانیارییانەبن.
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا جارێکی دیکە زانیاریی نهێنی و هەستیاری لەبارەی هێرشی داهاتووی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن لە گرووپ چاتێکی سیگناڵ بڵاوکردووەتەوە، کە لەنێو گرووپ چاتەکە هاوژین، برا و پارێزەرە تایبەتەکەی تێدایە.
مانگی رابردوو، گۆڤاری The Atlantic ئاشکرای کرد، سەرنووسەرەکەی بە هەڵە خراوەتە نێو گرووپ چاتێکی سیگناڵەوە، کە تێیدا بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەنێویاندا هێگسەس و مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا باسی هێرشە ئاسمانییەکانیان کردووە پێش ئەوەی لە 15ی بکرێنە سەر یەمەن.
ئاشکرابوونی ئەو بابەتە ناڕەزایی لێکەوتەوە و وەک ئابڕووچوونێک بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لێکدرایەوە. پشکنەری گشتیی پێنتاگۆن لێکۆڵینەوەی لەدزەپێکردنی زانیارییە هەستیارەکان دەستپێکرد کە هێشتا بەردەوامە.
رەخنەی زۆر لە وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەگیرێت. سێ ئەندامی پێشووی ستافەکەی کە بە بڕیاری ئەو لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێگسەسیان کرد. گوتەبێژی پێشووی پێنتاگۆنیش رۆژی یەکشەممە داوای لەکارلادانی هێگسەسی کرد.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت، ئەو زانیارییانەی هێگسەس لە گرووپ چاتی دووەمدا بڵاویکردوونەتەوە، لەسەر هەمان ئەو هێرشە ئاسمانییانەی 15ی ئادار بوون کە لە گرووپ چاتی یەکەم دزە بە زانیارییەکانی کرابوو.
بە گوێرەی رۆژنامەکە، خشتەی کاتی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئێف 18 کە دەریدەخات لە چ کاتێکدا هێرش دەکەنە سەر حووسییەکان، لە گرووپ چاتی دووەمدا لە لایەن هێگسەوە بڵاوکراوەتەوە.
نیویۆرک تایمز باس لەوە دەکات، پێچەوانەی دزەپێکردنی یەکەم کە رۆژنامەڤان جێفری گۆڵدبێرگ بە هەڵە خرابووە نێو گرووپەکە، گرووپ چاتی دووەم لە لایەن هێگسەس خۆیەوە دروستکرابوو. گرووپ چاتی یەکەم لە لایەن واڵتزەوە دروستکرابوو.
بە گوێرەی رۆژنامەکە، هێگسەس پێش ئەوەی لە کانوونی دووەم بکرێتە وەزیری بەرگری، گرووپ چاتی دووەمی دروستکردبوو و “هاوژین و زیاتر لە 10 کەسی دیکە”ی نزیک لە هێگسەسی تێدابووە کە هاوڕێ و هاوکارەکانی بوون.
جێنیفەری هاوژینی هێگسەس، رۆژنامەڤانە و پێشتر ئامادەکاری هەواڵی کەناڵی فۆکس نیووز بووە.
دوو ئەندامی دیکەی گرووپەکە پێکدێن لە فیڵ، برای هێگسەس و تیم پارلاتۆر، کە ئەوانیش هەردووکیان کارمەندی پێنتاگۆنن.