لڤین
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەرگیز سازش لەسەر بەرژەوەندییەکانیان لەژێر هیچ فشارێکدا ناکەن، گوتیشی، رێگای دیبلۆماسی لە بەردەمیان کراوەیە بەڵام ئامادەشن بۆ هەر ئەگەرێکی دیکە.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەم قسانە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی کردوو لە بارەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران گوتی، ئیسرائیل نە لە رابردوو نە لە داهاتوو نە لە ئێستادا بە هاوکاری ئەمریکا بیرلە هێرشکردنە سەر ئێران ناکاتەوە.
عێراقچی دەڵێت، تەلئەڤیڤ ئەو توانایەی نییە هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران ئەگەر شتی واش رووبدات بێ وەڵام نابن و ئەمریکا و ئیسرائیل باش لە توانا سەربازییەکانی ئەوان گەیشتوون.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و تاران وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوان پەلەیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا نییە و نای شارێتەوە ئەوەی لە سووریا روودەدات جێگەی نیگەرانی تارانە، دەشڵێت، دۆخی سووریای لە سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ لەگەڵ پوتن بە وردی باسکردووە.
لە بارەی پەیوەندییەکانی رووسیا و ئێران عێراقچی گوتی، هیچ کات وەکو ئێستا پەیوەندییەکان نێوان مۆسکۆ و تاران بەهێز نەبووە، دەشڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا رێککەوتنێکی هەمەلایەنە و گشتگیر لە نێوان تاران و مۆسکۆ دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.