لڤین
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکەین بۆ نزیکبوونەوەی نێوان ئێران و ئەمەریکا.
هەینی، 18ـی نیسانی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا دا جەختمان لە هەماهەنگی زیاتری نێوان هەردوولا کردەوە و هەموو ئەو سزایانەی بەسەر ئێران سەپێندراون نایاسایین، پێویستە کەم بکرێنەوە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتیشی: پێشوازی لە هەموو هەوڵێک دەکەین لەنێوان ئێران و ئەمەریکا و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانییان دەکەین.
لاڤرۆڤ باسی لەوەش کرد، سەڕەرای دۆخی خراپی ناوچەکە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران زۆرباشن.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەشڵێت: بەشێوەیەکی گشتیی باسمان لە دۆخی ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاست کرد و ئەوەی لە فەڵەستین ڕوودەدات نیگەرانی زۆری دروست کردووە.
لای خۆیەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: هیچ کاتێک وەک ئێستا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕووسیا بەهێز نەبووە، ڕووسیا ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە ناوچەکەدا.
دەشڵێت: لە کۆبووەنەکانمان باسی ڕێککەوتنی ستراتیجی نێوان هەردوولامان کرد، ئێران پابەندە بەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ڕووسیا هەیە و بایەخی زیاتری پێ دەدەین.
عراقچی باس لەوەش دەکات، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران کاریگەری لەسەر وڵاتانی دراوسێش دەبێت.
پێشتریش ئاژانسی هەواڵی فارسیش بڵاوی کردبووەوە ، عەباس عراقچی بەسەرۆکایەتی شاندێکی دیپلۆماسی دەچێتە مۆسکۆ و نامەی دەستنووسی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەیەنێتە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا.