لڤین
وەزیری دەرەوەی ئێران، لەبارەی بیکردنەوە لە بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی، هۆشداریی دەداتە ترەمپ و دەڵێت: تاران هەرگیز هەڕەشە قبووڵ ناکات، بە تایبەتی بەر لە دەستپێکردنی دانووستانەکان.
سێشەممە 8ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاشکرای کرد، بۆ ئەوەی بەرەوپێشچوون لە دانووستانەکانی ئێمە و ئەمەریکا ڕووبدات، سەرەتا دەبێت هاوڕا بین کە ناتوانرێت ‘بژاردەی سەربازی’ هەبێت چ جای ئەوەی ‘چارەسەری سەربازی’ هەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداری دایە ترەمپ لە ئەگەری بیرکردنەوە لە بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی. هاوکات گوتی: تاران هەرگیز هەڕەشە قبووڵ ناکات، بە تایبەتی بەر لە دەستپێکردنی دانووستانەکان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئەمەریکا نیازپاکی لە دانووستەکان لەگەڵ ئێران نیشان بدات، ئەوا ئەگەری ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی هەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ڕۆژی شەممەی داهاتوو ئەمەریکا دانووستانی راستەوخۆی دەبێت لەگەڵ ئێران، بەڵام ئێران دەڵێت دانووستانەکانی نێوانمان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێت.
لەگەڵ گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، سیاسەتی “زۆرترین فشار”ـی دژی تاران گرتووەتەبەر، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەیی خۆی بۆ دانووستان لەگەڵ تاران دووپاتکردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی.