لڤین
دوو بومەلەرزە لە میانمار روویاندا و یەکێکیان گوڕەکەی 7.7 پلە بەپێوەرى رێختەر بوو، بەهۆیانەوە لە میانمار 144 کەس گیانیانلەدەستدا و 730 کەسیش برینداربوون، هاوکات سێ کەسى دیکەش لە تایلەند گیانیان لەدەستدا.
کاتژمێر 12 و 50 خولەک بە کاتى ناوخۆیى میانمار، بومەلەرزەيەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر لە باکووری رۆژئاوای شاری ساگاینگ لە میانمار روویدا، کە 100 کیلۆمەتر لە باکووری نایپیداوی پایتەختەوە دوورە، دوای 11 خولەک لە بومەلەرزەی يەکەم بومەلەرزەيەکی ديکە بە گوڕی 6.4 پلە ناوچەکەی هەژاندەوە.
بەهۆی ئەو بومەلەرزانەوە لە ميانمار 144 کەس گيانيان لەدەستداوە و 730 کەسيش برينداربوون. ئەنجوومەنى سەربازیی وڵاتەکە داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی باری لەناکاوى لە شەش هەرێم راگەياند.
بومەلەرزەکە لە چين و تايلەند هەستی پێکراوە، لە بانکۆکى پایتەختى تایلەند بووە هۆی رووخانی باڵەخانەيەک، کە لە دروستکردندابوو، بەهۆيەوە سێ کرێکار گيانيان لەدەستداوە و زياتر لە 80 کەسيش برينداربوون.
هەريەک لە يەکێتیی ئەوروپا، فەڕەنسا، هيندستان ئامادەیی خۆيان بۆ ناردنی هاوکاری بۆ ئەو ناوچانە دەربڕيوە کە بومەلەرزەکە زيانی پێگەياندوون.