لڤین
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، وەک حکومەت هەوڵی جددی دەدەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، لەمبارەیەوە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان لە گفتوگۆکان بەردەوامین.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، لەگەڵ ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سودانی جەختیکردووەتەوە لەوەی حکومەتی عێراق هەوڵی جددی دەدات بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
سودانی ئەوەی خستووەتەڕوو، دانوستانەکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانە بەردەوامن کە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆکردووە، بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی هەندێک کێشەی تەکنیکی و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێگەی گەشەپێدان کراوە، جگە لە جەختکردنەوە لە پتەوکردنی هەماهەنگی لە بواری ئاو، بەجۆرێک گرەنتیی بکات لە بەردانەوەی ئاو بەشێوەیەکی رێکخراو بۆ عێراق.
لەبەرامبەریشدا وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا هەناردەکردنی نەوتی بەسڕەی لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەگرنگ زانیووە.
ماوەی دوو رۆژە وەزیری وزەی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستانە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەریەک لە هەولێر و بەغداد کۆبووەتەوە.
دوێنێش سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرى وزەی تورکیا لە هەولێر کۆبوونەوە و هاوڕابوون لەسەر لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
پێش سەردانەکەی بۆ هەولێر، وەزیری وزەی تورکیا لەگەڵ هەریەک لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و زیاد فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق کۆبووەتەوە.
لە رۆژی 23ـی ئازاری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە وەستاوە.
لە رۆژی 2ـی شوباتى 2025 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەموارى یاساى بودجەى گشتیى پەسەندکرد، کە تایبەت بوو بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کرد.
بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات.