لڤین
رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق و کیمیابارانی هەڵەبجە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراقییەکان ژیانی خۆیان بەخشی لەپێناو ئازادی و شکۆی نیشتمان، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و 37ـمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی ئەو شارە نەکردووە.
لە بڵاوکراوەیەکیدا لە ئێکس، سودانی دەڵێت، لە رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بەشکۆوە قوربانیدانی سەدان هەزار لە رۆڵەکانی گەلەکەمان لە ناوچە جیاوازەکانی نیشتمانەکەماندا یاد دەکەینەوە، کە رووبەڕووی توندترین دیکتاتۆر بوونەوە، کە هەموو جۆرە توندوتیژی و کوشتنی لەبەرامبەریان پەیڕەوکرد.
ئەوەشهاتووە، ئێمە ئێستا لەسایەی قوربانییە گەورەکانی رۆڵەکانی گەلەکەمانەوە دەژین، کە ژیانی خۆیان بۆ ئازادی نیشتمان و شکۆکەی بەخشی، لە چوارچێوەی سیستمێکی دیموکراسی کە هەمووان مافەکانی خۆیان بەگوێرەی دەستوور بۆ فەراهەم کراوە.
سودانی دەشڵێت، پێویستە هەمووان ئەوپەڕی توانامان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی نیشتمان و هاونیشتمانیانمان بە سەربەرزی بمێننەوە و چێژ لە ژیانێکی شایستە وەربگرن.
ئەم گوتانەی سودانی لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ 16ـی 3، 37 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە، کە بەهۆیەوە زیاد لە پێنج هەزار کەس شەهیدبوون و زیاد لە 10 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون و ژمارەیک منداڵیش بێسەرووشوێنبوون.
لە 22ـی ئایار 2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی کیمیابارانی هەڵەبجەی وەک پشووی فەرمی لە سەرتاسەری عێراق پەسەندکرد ئەوەش لەچوارچێوەی پەسەندکردنی یاسای پشووە فەرمییەکان و بەگوێرەی یاساکە رۆژی 16ی ئازار، وەک رۆژی کیمیاباران و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کۆمەڵکوژیی و ستەمەکانی رژێمی بەعس دیاریکراوە.