لڤین
دوای زیادبوونی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئیلۆن مەسک؛ سەرۆکی ئەمریکا هێرشی کردە سەر مەسک و بە “بێڕێز” ناوی برد و وتی، “نابێت بێڕێزی بەرامبەر سەرۆک بکەیت. ئەگەر پاڵپشتیش لە دیموکراتەکان بکەیت، لێکەوتەی خراپ چاوەڕێت دەکات”.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئیلۆن مەسکی سەرمایەدار و راوێژکاری پێشووی قووڵتر کردەوە و، هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرێبەستەکانی حکومەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی مەسک دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا حەز دەکات لەگەڵ مەسک قسە بکاتەوە، وتی، “نەخێر”. لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا پێیوایە پەیوەندییەکەی لەگەڵ مەسک کۆتاییهاتووە، ترەمپ وتی، ”وای دەبینم، بەڵێ”.
ترەمپ و مەسک هەفتەی ڕابردوو، لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی ئێکس و ترووس سۆشیال، هێرشیان کردە سەر یەکدی، نوێترین قسەی ترەمپیش بۆ هاوڕێ کۆنەکەی ئەوەیە کە، ئەگەر لە هەڵبژاردنی کۆنگرێسدا مەسک دژ بە کۆمارییەکان بێت و پشتیووانی لە دیموکراتەکان بکات، باجێکی قورس دەدات.
ترەمپ رۆژی هەینی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیاڵ ترووس لەبارەی ئەو پێشنیازەوە نووسی، “ئاسانترین رێگە بۆ پاشەکەوتکردنی پارە لە بودجەکەماندا هەڵوەشاندنەوەی یارمەتییە داراییەکان و گرێبەستەکانی حکومەتە لەگەڵ ئیلۆن.”
ترەمپ دەڵێت، “زۆر سەرم سوڕماوە کە بایدن چۆن بیری لەو کارە نەدەکردەوە!”
هەڕەشەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە مەسک، سەرۆکی ئەمریکای بە “سپڵە” ناوبرد و رایگەیاند، بێ ئەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نەدەبردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو سەرمایەدارە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری بەخشییە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ.
هەروەها شەوی هەینی ترەمپ جارێکی دیکە بە نەرێنی قسەی لەبارەی مەسک کرد و گوتی، “عەقڵی لەدەستداوە.”
مەسکیش بێ بەڵگە ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ئابڕووچوونی سێکسی لە بەڵگەنامەکانی حکومەتی ئەمریکا لەسەر سەرمایەدار ئەمریکی جێفری ئێپستین تێوەگلاوە کە هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپ بوو.
مەسک بۆ 130 رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ، راوێژکاری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بوو، بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتیش بوو کە ئامانج لەو فەرمانگەیە، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت بوو لەگەڵ بچووککردنەوەی قەبارەی دامودەگاکانی حکومەت.
سەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکییەکانی نێوان ترەمپ و مەسک بۆ هەفتەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی پرۆژە یاسایی خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکای ناردە کۆنگرێس و ئیلۆن مەسک دژایەتی خۆی بۆ ئەو پرۆژە یاسایی دەربڕی و بە “کارەسات” ناوی برد.