لڤین
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، ژینگە و بارودۆخی ئێران لە ناوخۆدا ئێستا ژینگەیەکی لە بارە بۆ سود وەرگرتن لە توانایی گەنجەکانی دەشڵێت، هیچ کێشەیەکی سیاسی، ئەمنییان نییە.
رێبەری باڵای ئێران ئەم قسانەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پارێزگاران و بەرپرسانی وڵاتەکەی کرد و داوایی لە بەرپرسانی ئێران کرد بچنە ناو خەڵکەوە و گوێ لە داواکارییەکانیان بگرن، خامنەیی بۆچوونی وایە ئەگەر ئەوە بکەن ئەوا خەڵکیش لە کاتە سەختەکان لەگەڵیان دەمێننەوە.
رێبەری باڵای ئێران گوتی “خۆشبەختانە ئێستا لە وڵاتدا دەرفەتی زۆر هەیە چونکە هیچ کێشەیەکی تایبەت نییە، نە شەڕ هەیە، نە کێشەی ئەمنیمان هەیە و هیچ کێشەییەکی سیاسیشمان نییە، بۆیە ئێستا ژینگەی وڵات ژینگەیەکی لە بارە بۆ ئەوەی سود لە توانایی گەنجەکان وەربگرین، گەنجەکانی ئێمە توانایی مرۆیی گەورەیان هەیە، بۆیە داواتان لێ دەکەم لەگەڵ خەڵک گەرم و گوڕ بن بچنە ناو خەڵکەوە لە بۆنەکانیان بەشداربن و گوێ لە قسەکانیان بگرن، لەوانەی قسەی توندیش بکەن، پشووتان درێژ بێت ئەزانم هەندێک تەحموولی باشتان هەیە و هەندێکی دیکەشتان کەم تەحەمولن و زوو وەڵام دەدەنەوە، دەبێت خۆتان رابهێنن دان بە خۆتان بگرن، رەنگە ئاگاداری هەوڵ و ماندوبوونەکانی ئێوە نەبن، بۆیان روونبکەنەوە ئەگەر بەو جۆرە بوون لەگەڵیان موحیبەتیان بۆتان دەبێت و لە کاتە سەختەکان لە گەڵتان دەبن”.
قسەکانی خامنەیی لە کاتێدایە وڵاتەکەی ئێستا لە دانوستانە لەگەڵ ئەمریکا و تاوەکو ئێستا پێنج خولی دانوستانە ئەتۆمییەکە ئەنجامدراوە، هیچ رێککەوتن و ئەنجامێکیش بەدەستنەهاتووە.