لڤین
عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەى ئامادەی رێککەوتنی ئەتۆمییە لەگەڵ ئەمریکا بەمەرجی هەڵگرتنی تەواوی سزاکان.
شەمخانی، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی (ئێن بی سی نیوز) ئەمریکى ئاماژەى بەوەکردووە، بە مەرجی هەڵگرتنی تەواوی سزاکان، تاران ئامادەیە ئەو ناوەندانە نەهێڵێت، کە یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراویان تێدایە، هەروەها تەنیا بە رێژەی پێویست بۆ مەبەستی مەدەنی، یۆرانیۆم بپیتێن و رێگە بە پشکنەرانی نێودەوڵەتی بدەن چاودێریی وێستگەکانیان بکات.
بە گوتەى شەمخانى، ئەگەر ئەمریکییەکان ئەوەی دەیڵێن جێبەجێی بکەن ئەوا پەیوەندییەکان باشتردەبن و دۆخەکەش لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرەو باشتر دەچێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ وڵاتانى کەنداو رایگەیاند، رێگە نادەن ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم بگات و ئەو وڵاتەشی بە گەورەترین مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی ناچەکە ناوبرد، لە وەڵامدا مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، “هەموو هەوڵێکی ترەمپ بۆ ئەوەیە وڵاتانی ئیسلامی و سعودیە دژی ئێران هانبدات.”
ترەمپ، لەپاش گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، سیاسەتی “زۆرترین فشار” بەسەر ئێراندا پەیڕەودەکات و پاش خولی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکەش واشنتن سێیەم پاکێجی سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاند کە پەیوەستبوون بە پرۆگرامی ئەتۆمی، کەرتی وزە و بەرنامەی موشەکیی ئێران.