لڤین
دوای پەسەندکردنی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تیمی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ کارەبای 24 کاتژمێری نرخی کارەبای ئاشکرا کرد.
نرخی کارەبای ماڵان بە پێنج ئاست دیاریکراوە، لە 72 دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 350 دینار و بەپێی بەکارهێنان نرخەکەی زیاتر بەرز دەبێتەوە، بۆ هاوبەشانی تریش وەکو پیشەسازی و بارزگانی و کشتووکاڵی نرخەکە جێگیرە.
بۆ سێ مانگی یەکەم حکومەت بە ڕێژەی جیاواز داشکاندن بۆ هاوبەشان دەکات، مانگی یەکەم 50%، مانگی دووەم 25% و مانگی سێیەم 15%.
نرخەکان بەشێوەیەک دانراون تاوەکو کارەبا کەمتر بەکاربهێنیت کەمتر پارەت بۆ دێتەوە، ئەمەش لەپێناو بەفیڕۆنەدانی کارەبا و کەمکردنەوەی بەکارهێنانیەتی.
نرخی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ ماڵان بەمشێوەیە:
یەکەم: یەک بۆ 400 کیلۆوات: 72 دینار.
دووەم: 400 بۆ 800 کیلۆوات: 108 دینار.
سێیەم: 800 بۆ 1200 کیلۆوات: 175 دینار.
چوارەم: 1200 بۆ 1600 کیلۆوات: 265 دینار.
پێنجەم: هەزار و 600 کیلۆوات بۆ سەرەوە: 350 دینار.
پارەی مانگانە بەپێی کیلۆوات:
یەکەم: مانگانە 400 کیلۆوات بەکاربهێنیت: 28 هەزار و 800 دینارت بۆ دێتەوە.
دووەم: مانگانە 800 کیلۆوات بەکاربهێنیت: 72 هەزار دیارت بۆ دێتەوە.
سێیەم: هەزار و 200 کیلۆوات بەکاربهێنیت: 142 هەزار دینارت بۆ دێتەوە.
چوارەم: هەزار و 600 کیلۆوات بەکاربهێنیت: 248 هەزار دینارت بۆ دێتەوە.
پێنجەم؛ مانگانە دوو هەزار کیلۆوات بەکاربهێنیت: 388 هەزار دینارت بۆ دێتەوە.
بەپێی ئەو داتایانەی لە مانگەکانی ڕابردوودا بە نموونە وەرگیراون و لەلایەن تیمی پڕۆژەی ڕووناکییەوە بە ئاڤا دراون، زۆربەی ماڵان مانگانە 760 کیلۆوات بەکار ئەهێنن، بەمپێیەش مانگانە 67 هەزار و 680 دیناریان بۆ دێتەوە.
نرخەکان بەپێی ئاستەکان دیاری دەکرێن، بۆنموونە ماڵێک کە 760 کیلۆوات بەکار دەهێنێت، 400 کیلۆواتی یەکەمی بە 72 دینار لەسەر هەژمار دەکرێت کە دەکاتە 28 هەزار و 800 دینار، 360 کیلۆواتەکەی تری بە 108 دینار لەسەر هەژمار دەکرێت کە دەکاتە 38 هەزار و 880 دینار، هەردووکیشی پێکەوە کۆدەکرێنەوە و دەکاتە 67 هەزار و 680 دینار.