لڤین
بەمەبەستی تاوتوێكردنی میكانیزمی هەمواركردنەوەی دەستوری سوریا، نوێنەرانی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان و حکومەتی دیمەشق كۆدەبنەوە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویكردەوە؛ لەدوای رێككەوتنەكەی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئیدارەی دیمەشق كە لە (10ـی ئازاری 2025) كە هەموار كردنەوەی دەستور یەكێكە لە خاڵەكانی رێككەوتنەكە، بڕیار وایە بۆ ئەو مەبەستە نوێنەرانی هەردو لایەنەكە كۆببنەوە.
ئەوەیخستوەتەڕو، ئامانجی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق، گەیشتنە بەکۆدەنگییەك کە بەرژەوەندییەکانی دانیشتوانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان) مسۆگەر بکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، لیژنەیەکی بەدواداچونی هاوبەش لە نێوان هەسەدە و دیمەشق بۆ پێداچونەوە بەمەرجەکانی رێککەوتنەکە و دڵنیابونەوە لە گەیشتن بە ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە خزمەت بە سەقامگیری وڵاتەكە و ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەکەن، پێكهێنراوە ئەوەش لەپێناو دورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی سەربازی.
روانگەی سوری راشیگەیاندوە: ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی مافە سیاسییەکانی کورد لە چوارچێوەی چارەسەری سیاسی لە سوریادا، كە هاوکاتە لەگەڵ باشتربونی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی سوریا لەگەڵ سعودیە و ئەمەریکا کە دەرفەتی باشتری بۆ پرۆسەكە رەخساندوە.