لڤین پرێس – Lvin Press

AD-Asiacell
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4
WhatsApp Image 2024-08-22 at 17.41.04_d511a687
962d5553-whatsapp-image-2024-01-07-at-13.55.45_cd8e30d4
ad3
ad2

پەکەکە خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی راگەیاند

بەشێک لە سەرکردە بەشداربووەکانی کۆنگرەی ی پەکەکە فۆتۆ

لڤین

دیوانی کۆنگرەی 12ـی پەکەکە، هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی پەکەکە و چەکدانانی ئەو حزبەی راگەیاند.

دیوانی کۆنگرەی 12ـی پەکەکە ئەمڕۆ 12ـی ئایاری 2025، ئەنجامی کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستانی راگەیاند، کە لە پێنج بۆ حەوتی ئایار لە ناوچەی پاراستنی میدیا بەڕێوەچوو.

دیوانی کۆنگرەی پەکەکە لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کۆنگرەکە بەهۆکاری ئەمنی لەدوو ناوچەی جیاواز بەستراوە و بەکۆی گشتی 232 ئەندام ئامادەبوون.

راشیگەیاندووە، “کۆنگرەی 12 لەژێر سەرکردایەتیی رێبەر ئاپۆ، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی  پارت و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دراوە و کۆتاییشی هێناوە بە هەموو ئەو چالاکییانەی کە لەژێر ناوی پەکەکەدا ئەنجامدەدرێن”.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بڕیاری کۆنگرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارت و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری، بناغەیەکی بەهێز بۆ ئاشتی بەردەوام و چارەسەری دیموکراسی دەڕەخسێنێت.

سەبارەت بەو پرۆسەی لە تورکیا دەستیپێکردووە، دیوانی کۆنگرەی پەکەکە دەڵێت، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە قسەیان لەسەر دەکرێت، پێویستی بە سەرکردایەتی و ئاڕاستەکردنی پرۆسەکە هەیە، هەروەها پێویستی بە داننان بە مافە سیاسییەکان و گرەنتی یاسایی دروست هەیە.

دەشڵیت، لەم قۆناغەدا گرنگە پەرلەمانی تورکیا بە بەرپرسیارێتیی مێژووییەوە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و داواشیکردووە،  حکومەت و لایەنی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن و لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی  بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و بەشداری پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی بکەن.

دیوانی کۆنگرەی پەکەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پەکەکە سیاسەتی نکوڵیکردن و پەراوێزخستنی پرسی کوردی کۆتایی پێهێنا و پرسی کوردی لە رێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە گەیاندووەتە خاڵی چارەسەرکردن و لەو رووەوە پارتەکەیان ئەرکی مێژوویی خۆی تەواو کرد .

دیوانی کۆنگرەی پەکەکە دەشڵیت، “ئێمە بەتەواوی متمانەمان بە گەلەکەمان هەیە، کە لە هەموو کەس و لایەنێک باشتر لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتی و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری تێدەگەن و لە قۆناغی خەباتی دیموکراسیدا خاوەندارێتی لە ئەرکەکانیان دەکەن و ئەرکی پارته سیاسییەکانی کورد و کەسایەتی و رێکخراوه دیموکراسییەکانە بەرپرسیاریەتیی خۆیان بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی و به دیهێنانی بەنەتەوەیبووونی دیموکراتیکی کوردی به جێبهێنن.

کۆنگرەی 12ـی پەکەکە لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی دوو کادیری پێشکەوتووی پەکەکە کردووە کە لەدامەزرێنەرانی حزبەکە و هاوڕێ سەرەتاییەکانی ئۆجەلان بوون، ئەوانیش فوئاد عەلی حەیدەر قەیتان و رەزا ئاڵتون، کە لە ساڵانی 2018 و 2019ـدا گیانیان لەدەستداوە.

لڤین پرێس
Scroll to Top
Enable Notifications OK No thanks