لڤین
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆمارى ئیسلامى ئێران رایگەیاند، هیچ شتێک هێندەی یەکگرتوویی بۆ وڵاتانی ئیسلامی “گرنگ نییە” دەشڵێت، ئەگەر وڵاتانی ئیسلامی یەکگرتوو بوونایە غەززە ئەوەی بەسەر نەدەهات و یەمەنیش بەو جۆرە لەژێر فشار نەدەبوو.
عەلى خامنەیی، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڵاتییان و بەرپرسانی حەج و عومرەی وڵاتەکەی لە حوسەینییەی ئیمام خومەینی، گوتیشی “کاتێک وڵاتانی ئیسلامی یەکگرتوو نابن ئەمریکا و ئیسرائیل و هەندێک لە وڵاتی دیکە بەرژەوەندییەکانیان بەسەر گەلاندا دەسەپێنن”.
خامنەیی، بەشێکی قسەکانی بۆ تەقینەوە گەورەکەی شەممەی رابردوو بەندەری رەجایی لە شارى بەندەر عەباس تەرخانکرد و رووداوەکەى “بە کارەسات و خەمهێنەر” ناوبردوو راشیگەیاند، بەرپرسانی حکومەت لە هەوڵەکانیان بەردەوامن و هەر کەموکورتییەکیش هەبێت چارەسەر دەکرێت، گوتیشی “ئەو جۆرە رووداوانە لە هەموو شوێنێکی جیهان روودەدات”.
رۆژی شەممەی رابردوو، تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەری شەهید رەجایی لە شاری بەندەر عەباس لە پارێزگای هورمزگان روویدا، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، نزیکەی 70 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون، ژمارەیەکیش بێسەروشوێنن، زیانە داراییەکانیش تاوەکو ئێستا نەخەمڵێندراون.