لڤین
لە رێوڕەسمى ماڵئاوایی لە سڕى سورەیا ئۆندەر لە ئیستانبوڵ هێرشکرایە سەر سەرۆکی جەهەپە و وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش دەڵێت، هێرشکارەکە 21 ساڵ پێش ئێستا دوو منداڵی خۆی کوشتووە.
پاش رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی سڕی سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە ئیستانبوڵ، کەسێک کێشای بە ناوچاوی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەدا و دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانە کرا و پاش ماوەیەک نەخۆشخانەی بەجێهێشت.
بەگوێرەی میدیای جەهەپە، هێرشکارەکە لە کاتی هێرشەکەیدا هاواری کردووە و گوتوویەتی، “من نەوەی عوسمانیم”.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، هێرشکارەکەیان دەستگیرکردووە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش رایگەیاند، هێرشکارەکە پیاوێکی تەمەن 66 ساڵە، لە ساڵی 2004دا دوو منداڵی خۆی کوشتووە و دوو منداڵی دیکەی بریندارکردووە و تۆمەتباریشە بە دزی و هەڕەشەکردن.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشکارەکە سزای زیندانیی هەمیشەیی هەبووە و ساڵی 2020 بە مەرج ئازادکراوە.
هاوکات داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ رایگەیاند، دۆسییەی لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە کردووەتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئۆزەل کرد و سەرەڕای سەرکۆنەی هێرشەکە گوتویەتی “بۆ دەرخستنی راستییەکان، لە نزیکەوە چاودێریی بابەتەکە دەکات”.
پارتی دەمیش لە راگەیەندراوێکدا، هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و وەک هێرش بۆ سەر هەوڵەکانی ئۆندەر لەپێناو ئاشتیدا ناویبرد.
سەرۆکی زۆربەی پارتە سیاسییەکانی تورکیا سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و داوایان کرد لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە بکرێت و راستییەکان بۆ رایگشتیی ئاشکرابکرێن.