لڤین
ئێران کەسێکی بەتۆمەتی سيخوڕيکردن بۆ ئيسرائيل و تێوەگلان لە کوشتنی فەرماندەيەکی سوپای پاسداران لەسێدارەدا، چالاکوانانيش دەڵێن، نادادپەروەرانە دادگاییکراوە و لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی لێوەرگيراوە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران رايانگەياند، موحسين لەنگەرنشينی تەمەن 34 ساڵ لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە گرتووخانەی قزل حەسار لە شاری کەرەج لە سێدارەدراوە، پاشئەوەی لە مانگی تەمموزی ساڵی 2023 دەستگيرکرا.
بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە سۆشيال ميديا بڵاوکراونەتەوە، شەوی چوارشەممە دايک و باوکی موحسين لەدەرەوەی زيندانەکە ماونەتەوە و داوای لێبوردنيان کردووە و پاڕاونەتەوە تاوەکو دەسەڵاتدارانی ئێران لە کوڕەکەيان خۆشببن.
ئاژانسی هەواڵی میزان کە سەربە دەسەڵاتی دادی ئێرانە، لەنگەرنشين بە سیخوڕی پلە باڵا وەسفدەکات و دەڵێت، پشتیوانیی ئۆپراسیۆنەکانی مۆسادی لە ناوخۆی ئێران کردووە.
میزان ئاماژەی بەوەشکردووە، لەنگەرنشين دەستی هەبووە لە کوشتنی جەنەڕاڵ سەیاد خودایی، کە لە مانگی ئایاری ساڵی 2022دا لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە تاران لەلایەن دوو ماتۆڕسوارەوە کوژرا.
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەی لە نەرويجە، ریژەی لەسێدارەدان لە ئێران بەرزبووەتەوە و تەنيا لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 335 کەس لەسێدارە دراون.