لڤین
ئەنجوومەنى نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) هەڵوێستى خۆى سەبارەت بە راگەیەندراوە دەستوورییەکەى سووریا بڵاوکردەوە و دەڵێت، بێهیواکەرە، چونکە دەسەڵاتێکى زۆر دراوە بە سەرۆککۆمار و حکومى ناوەند لە دیمەشق بەهێز دەکات.
ئەنەکەسە دەڵێت، شۆکبووین بە راگەیەندراوە دەستوورییەکە، دەشڵێت، گرەنتییەکی روون بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و هاوسەنگیی دامەزراوەیی نییە، تەنیا رۆڵی کۆمەڵایەتی بە ژن دراوە.
ئەنەکەسە جەختدەکاتەوە، راگەیاندنە دەستوورییەکە رەنگدانەوەی پێکەوەژیانی تێدا بەدیناکرێت، هۆکارەکەشى ئەوەبووە، لیژنەی راگەیاندنە دەستوورییەکە نوێنەرایەتیی پێکهاتەکانی سووریای تێدانەبووە.
ئەنەکەسە ترسى خۆى لە ئەنجامەکانى راگەیەندراوە دەستوورییەکە نەشاردەوە و دەڵێت، ترسمان هەیە جارێکی دیکە ستەمکاریی لەسەر بنەمایەکی نوێ لە سووریا بێتەوە ئارا.