لڤین
لەچوارچێوەی پڕۆسەی گۆڕینەوەی دیلەکان، بزوتنەوەی حەماس تەرمی چوار بارمتەی کوژراوی ئیسرائیلی ڕادەستی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور کرد، بەوتەی بەرپرسانی حەماسیش بارمتەکان بە بۆردومانی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون و لەکاتی ڕادەستکردنەوەشیاندا وێنەیەکی گەورەی ناتانیاهۆ هەڵواسرابوو، کە تێیدا خوێن بە دەمو ددانی دا دەچۆڕێ.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ناوچەی بەنی سهێلا لە رۆژهەڵاتی خان یونس، چەکدارانی کەتیبەکانی قەسام، باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس تەرمی خێزانی بیباسیان ڕادەستی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور کرد، کە لە دایکێک و دوو منداڵ پێکهاتبوو، هەر لەو پڕۆسەیەشدا تەرمی (عودید لێڤشیتز)دیش ڕادەستکرایەوە، کە پیاوێکی تەمەن 83 ساڵ بوو .
هاوکات، سوپای ئیسرائیل وەرگرتنەوەی تەرمی ئەو چوار کەسەی لە لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور ڕاگەیاند.
بەرپرسانی حەماس کوژرانی ئەو چوار بارمتەیە دەخەنە ئەستۆی ئیسرائیل، بەهۆیەوە لەکاتی ڕادەستکردنەوەی تەرمەکانیش وێنەیەکی گەورەی بنیامین نەتانیاهۆ و بارمتە کوژراوەکان هەڵواسرابوو، لە وێنەکەشدا خوێن بە دەم و ددانی ناتانیاهۆ دەچۆڕێ، بەوەش سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیان وەک کەسێکی خوێنمژ وێناکردووە.