لڤین پرێس – Lvin Press

AD-Asiacell
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4
WhatsApp Image 2024-08-22 at 17.41.04_d511a687
962d5553-whatsapp-image-2024-01-07-at-13.55.45_cd8e30d4
ad3
ad2

ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم: بەزوویى هەناردەى نەوت دەستپێبکاتەوە

OIP

لڤین

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم هەڵوێستی خۆی بۆ پێشوازی و پشتیوانی لە جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ دووپاتدەکاتەوە و داواشدەکات هەرچی زووە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، بەپێى راگەیەندراوى کۆبوونەوەکەدا لە سەرەتادا رووداوی دەستدرێژیکردن و رێگریکردن لە جوتیارانی رەسەنی کورد لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکوک لە چەند رۆژی ڕابردوودا تاوتوێکرا و جەختکرایەوە، ئەو رەفتارە “کارێکی نادەستووریی و نایاساییە و قبوڵکراو نییە. دژی هەموو جۆرە ستەمکارییەکین بەرامبەر جوتیاران کە خاوەنی رەسەنی زەوییەکانیانن و دەبێت ئازادانە مافی کێڵان و سوودوەرگرتنیان لە موڵکی خۆیان و باوباپیرانیان هەبێت”.

دووپاتیشیکرایەوە، پێویستە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2025 کە ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی پێشوو و گەڕانەوەی زەوی بۆ جوتیارانی خاوەنی رەسەنی ئەو زەوییانە پەسەندیکرد، ئیتر کۆتایی بە هەموو بەربەست و ئاستەنگێک بهێنرێت تا جوتیاران سوود لە زەویيەکانیان وەربگرن کە یاسا بۆی گەڕاندونەتەوە.

بەپێى راگەیەندراوەکە لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، پوختەیەک دەربارەی بەشداریی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆک وەزیران لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی لە رۆژانی 11-13ی ئەم مانگە و دیدار و کۆبوونەوەکان و نوێکردنەوەی یادداشتی لەیەکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیمارات بۆ هاریکاری و هاوئاهەنگیی لە نێوان هەردوو حکومەت لە کەرتە جیاوازەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە پێشکەش کرد.

ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە بەپێی تایبەتمەندیی خۆیان، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم یاداشتی لەیەکتێگەیشتنە بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەند و پێشکەوتووی دامەزراوەکانی ئیمارات لە سێکتەرە جیاجیاکانی حکومەتی هەرێم.

لە بڕگەی دووەمدا، راپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە رێکخستنی رێکارەکانی کوالێتیی کۆنتڕۆڵ و پۆلینکردنی بەڵێندەران لەلایەن لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێم خرایەڕوو، کە بۆ ئەم مەبەستە، میوانداریی کرابوون و لە چوارچێوەی راپۆرتێکدا، پێشوەچوون و بەربەستەکانیان روونکردەوە.

ئەنجومەنی وەزیران لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، جەختی کردەوە لەسەر بایەخی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی، ئەویش لە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەردوولا، بە جۆرێک بەڵگەنامەکانی پشکنین و کۆنتڕۆڵی جۆریی کەرەستە و کەلوپەلەکان لای هەردوولا، وەک یەک بەرکاربن و پشتیان پێببەسترێت و برەو بە پەیوەندیی بەردەوام و هاوئاهەنگیی لە نێوان دەستەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی هەرێم و فیدڕاڵ بدرێت لەپێناوی گۆڕینەوەی زانیاریی و پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ دڵنیابوونەوە لە راست و دروستی بەڵگەنامە و بڕوانامەکانی پشکنینی هەردوولا بۆ بەرهەمەکانی هاوردە و بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم و عێراق، بە ئاراستەی نەهێشتنی ئاستەنگەکانی گەیاندنی بەرهەم و کاڵاکانی هەرێم بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەمەش دوای پشکنین و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی و دروستیان و هەروەها سوودمەندبوونی هەرێم لە بەرهەمی ناوخۆیی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە هەمان مامەڵە و رێکاری هاوشێوە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی هاوبەشی وەزارەتەکانی پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازیی و ناوخۆی راسپارد، کە بەردەوام بن لە پەیوەندی و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لیژنەی هاوتایان لە حکومەتی فیدڕاڵ و بەگەڕخستنی گشت هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر و میکانیزمی هاوبەش.

لە بڕگەی کۆتاییدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ خرایەڕوو کە لە هەولێر سازکرا و تایبەت بوو بە رێکار و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2025 تایبەت بە هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕگەیە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی خۆی بۆ پێشوازیی و پشتیوانی لە جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ، جەختی لەوەش کردەوە کە هەرێم داوادەکات هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە و، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکانە، چونکە بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە مانگی ئاداری ساڵی 2023ەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتیی عێراق گەیشتووە. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی راسپارد، کە هەرچی زووە لەسەر رێکار و میکانیزمەکانی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە هاریکاریی و هاوئاهەنگیی بەردەوام بن، بە تایبەتیش کە ئێستا یاساکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و رێگریی یاسایی لەبەردەم پرۆسەکە نەماوە و یاساکە نەخشەڕێگەی بابەتەکەی بە روونی دەستنیشانکردووە.

لڤین پرێس
Scroll to Top
Enable Notifications OK No thanks