لڤین
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، چیدی بزوتنەوەی حەماس ناتوانێت وەک هێزێکی سەربازی یان حکومی لە غەززەدا بەردەوام بێت، ئەوان ناتوانن داهاتویان لە كەرتەكەدا هەبێت، دەشڵێت، “ئێران هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری ناوچەکەیە، هەروەها ناتوانێت ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی”.
مارکۆ ڕوبیۆ، ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە قودس، هەڵوێستی کۆشکی سپی لە بارەی غەززە دوپاتکردەوە و ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا “لە تێڕوانینی خۆیدا ڕون بوە” سەبارەت بە داهاتوی ئەو خاکە.
ئاماژەی بەوەشكرد، “پێویستە حەماس لەناوببرێت و چیدی بزوتنەوەی حەماس ناتوانێت وەک هێزێکی سەربازی یان حکومی لە غەززە بەردەوام بێت، نابێت هەڵەکانی ڕابردو دوبارە بکەینەوە و حەماس ناتوانێت داهاتوی لە غەززە هەبێت”.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا باسی لە وڵاتانی دەوروبەری ئیسرائیل و ئەو ئالەنگارییە ئەمنییانە کرد کە دروستی دەکەن و وتی، “نابێت سوریا ببێتە سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دیکە”، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە “دەبێت حکومەتی لوبنان حزبوڵا لە چەک داماڵێت”.
ڕوبیۆ بەشێکی دیكەی لێدوانەکەی لەبارەی ئێرانەوە بو كە ئەو ڕژێمەکەی بە “هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری لە ناوچەکە” زانی، هەروەها هەڵوێستی پێشوی ترەمپی دوپاتکردەوە سەبارەت بە ترسەکان لە ئێران لەبارەن بون بە هێزێکی ئەتۆمی و وتی، “ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت”.