لڤین
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە بەرەی قەراقۆزاک تانکێک و سیستەمی ڕاداری توركیایان لەناوبرد، هەروەها یەکینەکانی شەهید هارونیش تانكێك و زرێپۆشێك و ئۆتۆمبیلێكی سەربازیان لەناوبرد، دەشڵێت، “لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکانی دوێنێدا، زیاتر لە 10 سەرباز و چەكداری سەر بە تورکیا کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربون”.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا و گروپە چەكدارەكانی، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دوێنێ هەینی دو ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامدا و لە گردی پردی قەرقۆزاک تانکێک و سیستەمی ڕاداریان کردە ئامانج و بە تەواوی لەناوچون.
ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دژی بنکەیەکی نوێ ئەنجامدرا کە داگیركەران هەوڵی دامەزراندنی دەدا لە ناوچەکەدا، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵە داگیرکارییە بەردەوامەکانی لەسەر خاکی سوریا”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، هەر لەو بنکەدا یەکینەکانی شەهید هارون ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان ئەنجامدا و تانکێکی دیکەیان کردە ئامانج، کە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تۆیۆتا و زرێپۆشێکی دیکەش لە دەوروبەری گردەکەدا کرایە ئامانج و هەردوکیان تێکشکێنران.