لڤین
حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، 500 كەس بەشێوەی گرێبەست بۆ فەرمانگەكانی سنوری پارێزگاری هەڵەبجە دادەمەزرێنرێن و ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى ڕێکارەکانى دامەزراندنى ئەو 500 كەسەی تەواوكردون.
فەرمانگەی میدیاو زانیاریی سەر بە حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئەوەشی وتوە، وێنەیەک لە فەرمانى ڕەزامەنديى سەرۆکایەتيى ئەنجومەنى وەزیران، تایبەت بە دامەزراندنى ناوبراوان بۆ کارى پێویست ئاراستەى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى کراوە و لە ئێستادا زانیاريى پەیوەست بە شوێنى دەوامى فەرمى ناوبراوان لە لایەن ئەنجومەنى راژەى گشتى بە فەرمى ڕەوانەى پارێزگاى هەڵەبجە دەکرێت بەمەبەستى جێبەجێکردنى ڕێکارە کارگێڕییەکانى پەیوەندیدار بە دامەزراندنیان بە پێى ڕێنمایيى ژمارە (10) ساڵى 2019.
ئاماژەی بەوەشداوە، 48 کەس لە کۆى ئهو 500 فەرمانبەره کەسوکارى پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوانن و لە سیستەمى خاڵبەنديى گشتى، خاڵى تایبەتیان بۆ دیارى کرابو وێڕاى ئەوەى ڕەچاوى (یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەنپێداویستيى تایبەت) ژمارە (22)ى ساڵى (2011)ش کراوە، بە تەرخانکردنى ڕێژەى 5% لە تێکڕاى وەزیفەکان بۆ توێژى ئاماژەپێدراو، بە شێوازێک 25 کەس لە کۆى 500 دەرچو خاوەنپێداویستيى تایبەتن و بە سیستەمى کۆتا دەرچون.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، هەروەها دەرچوان بەپێى پێداویستيى فەرمانگەکانى سنورى پارێزگهى هەڵەبجە 45 جۆر وەزیفەى گشتى لەئەستۆ دەگرن، بە شێوازێک بڕوانامە و بوارى پسپۆڕییان لەگەڵ جۆرى کار و ناونیشانى وەزیفییان دهگونجێت و هیچ دەرچویەک بە ئەرکێک هەڵناستێت لە بوارى پسپۆڕيى خۆى نەبێت بەپێى بڕوانامەکەى.