لڤین
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای کرد، 4500 هاوڵاتیی عێراقی کە گیریان خواردبوو، لە سنوورەکانی ئەوروپای رۆژهەڵاتەوە بۆ عێراق گەڕێندراونەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کەریم نوری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند لە رێگەی دابینکردنی بەڵگەنامە پێویستەکانەوە بۆیان توانیویانە 4500 هاوڵاتیی عێراقی بگەڕێننەوە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڵاویکردەوە، هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ داخستنی کەمپەکانی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەی خەڵک بۆ ناوچەکانی خۆیان دووپاتکردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی ئەو هاوکارییەی دیاریکراوە بۆ گەڕاوەکان 4 ملیۆن دینارە.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕانەوەی ئاوارەکان و داخستنی خۆبەخشانەی کامپەکان دیاریکراوە، بەو پێیەی 22 کامپ هەبووە، لەگەڵ داخستنی کامپەکانی سلێمانی، 16 کامپ لە دهۆک و 6 کامپ لە هەولێر ماونەتەوە، سەرەڕای کەمبوونەوەی بەردەوامی ژمارەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر عێراق 170 کامپی هەبووە، بەڵام هەوڵە بەردەوامەکان ژمارەکەیان کەمکردووەتەوە بۆ تەنها 22 کامپ لە دهۆک و هەولێر، کە 18 هەزار خێزانی تێدا نیشتەجێیە کە زۆربەیان خەڵکی شنگالن و بەشێکیشیان خەڵکی پارێزگاکانی دیکەن.