لڤین
سوپای تورکیا و گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی سوریا گردبونەوەیەکی هاوڵاتییانیان لەنزیک بەنداوی تشرین کردەئامانج، بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، جارێکی دیکە سوپای تورکیا ئەو هاوڵاتییانەیان کردەئامانج کە بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و چەکدارە توندڕەوەکان بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتبون، بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی سڤیل شەهیدبون و 15ی دیکەش برینداربون.
ئەوەشیخستەڕوو، لەژێر بێدەنگی هێزە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تورکیا تاوانێکی دیکەی جەنگی ئەنجامدا، ئەم بێدەنگییەش هانی تورکیا دەدات تاوانی دیکە ئەنجامبدات.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر باسی لەوەشکرد،” دوپاتیدەکەینەوە کە ئەم تاوانانە ئاڵنگارییەکی گەورەن بۆ سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەوڵەکان بۆ سەقامگیری سوریا دەکاتە ئامانج، هەروەها هەوڵێکە بۆ دروستبوونی بۆشایی لە ناوچەکە و گەڕانەوەی تیرۆر و توندڕەوی تێێدا”.
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رای گشتی لە جیهان و سوریا و کوردستان هەنگاوی خێرا بگرنەبەر بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە.