لڤین
مەسعود بارزانى و مەزڵوم عەبدى لە پیرمام کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە لەسەر یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردییەکانی سووریا.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەدا جەختکرایەوە، پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بە رێکاری ئاشتییانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لەگەڵ حکومڕانانی نوێی سووریا بگەنە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن.
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا جەختیشیانکردووەتەوە لەسەر ئەوەی لایەنە کوردییەکان فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و رێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوون.
هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبى سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەسەر کۆبوونەوەکە نوسیویەتی، “دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ یەکڕیزی کورد و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا”.
ئەو کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابروودا حەمید دەربەندی بە نوێنەرایەتیی بارزانی سەردانی مەزڵوم عەبدی کرد و بەگوێرەی راگەیەندراوی هەسەدە، پەیامی پشتیوانیی بارزانی پێگەیاندووە