لڤین
كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی CPTی ئەمریكی رایگەیاند، رۆژی 7ی ئەم مانگە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، لە گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت، بەدوای جوتیارێک دەکەوێت و دو جار بەئامانجی دەگرێت.
كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی CPTی ئەمریكی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە نوسینێكدا چیرۆكی كردنە ئامانجی ئەو جوتیارەی لەلایەن درۆنی توركییەوە، لە باخەكەی خۆیدا، خستەڕو.
كامەران عوسمان باسی لەوە كردوە كە فڕۆكە بێفڕۆكەوانە توركییەكە، دو جار ئەو جوتیارەی كردۆتە ئامانج، جاری یەكەم چەند چركەیەك دوای ئەوەی جوتیارەكە لە ئۆتۆمبێلەكەی دێتەدەرەوەی رادەكات، فڕۆكەكە بۆمبێكی ئاڕاستەی ئۆتۆمبێلەكەی كردوەو شوێنی دانیشتنی شۆفێری لە ئۆتۆمبێلەكەیدا پێكاوە.
وتوشیەتی، جوتیارەكە بە زیرەكی خۆی توانیویەتی خۆی حەشاربدات و دوای زیاتر لە دو سەعات، كاتێك دەنگی فڕۆکەکە نەماوە توانیویەتی خۆی بگەیەنێتەوە گوندەكەیان و هەواڵی سەلامەتی خۆی بدات بە خەڵکی گوندی گەڵاڵە کە پێیان وابو حوسێن پێکراوە و گیانی لەدەستداوە.
ئەو ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی CPTی ئەمریكی جەختی كردۆتەوە كە “سوپای تورکیا، بەمەبەستی چۆڵکردنی گوندەکان و ئاوارەبونی گوندنشینان، بە بەردەوامی جوتیار، ئاژەڵدار و هاوڵاتییانی سەر سنور بە ئامانجدەگرێت.”