لڤین
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانی، ئەمڕۆ لە میانەی دیدارێكدا لەگەڵ هاكان فیدانی وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، “پێویستە جەنگ لە باكوری سوریا ڕابگیرێت” و رۆڵ بە كورد بدرێت لە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی سەرتاسەری لە سوریادا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی “X” بڵاویكردەوە، ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوە لەپەراوێزی كۆنگرەی تایبەت بە پشتیوانیكردنی گەلی سوریا لە ریازی پایتەختی سعودیە لەگەڵ هاكان فیدانی وەزیری دەرەوەی توركیادا كۆبوەتەوە.
لە میانەی دیدارەكەدا ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانی ڕایگەیاند، “سوریای نوێ و ئاشتیخواز نابێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكانی، ئەوەی ئێستا پێویستمان پێیەتی راگرتنی جەنگە لە باكوری سوریا و پێدانی رۆڵە بە كورد لە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی سەرتاسەری لەو وڵاتە”.
لەلایەكی دیكەوە ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕیازی پایتەختی سعودییە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی بڕی 50 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەک پاڵپشتییەک بۆ سوریا دابین دەکات، ئەوەش بەمەبەستی دابینکردنی خۆراک و شوێنی حەوانەوەی فریاگوزاری و چاودێری پزیشکی.
دەشڵێت، “ئێستا سوریاییەکان پێویستیان بە چنینەوەی خێرای سودەکانی گواستنەوەی دەسەڵاتە، ئێمەش بەردەوامین لە هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی کە هیچیان لە سوریادا نییە و ئاوارەن، وەک چۆن بەدرێژایی ساڵانی شەڕی ناوخۆ کردمان”.