لڤین
تولای حاتەمتۆگیولاری، هاوسەرۆكی گشتیی دەم پارتی داوا لە دەسەڵاتدارانی توركیا دەكات دەرگاكانی ئیمرالی بكەنەوە چونكە دیدار لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمرالی بەس نییە بۆ ئەوەی بتوانێت لەپێناو ئاشتیدا لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا تێبکۆشێت.
تولای حاتەمتۆگیولاری، هاوسەرۆكی گشتیی دەم پارتی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆبونەوەیەكی جەماوەری پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە ئامەد وتەیەكی پێشكەش كردو وتی”باکور و رۆژهەڵآتی سوریا لەلایەن چەتەکانی بەناو سوپای نەتەوەیی سوریا دەکرێتە ئامانج. ئەوانەی دەیانگوت ‘کۆبانێ دەکەوێ و لە ئان و ساتی کەوتندایە’ ئێستا جارێکی دیکە گەشاونەتەوە. چیان پێبکرێت بۆ کەوتنی کۆبانێ دەیکەن. بەڵام وەک چۆن خەڵکی کۆبانێ بەرامبەر بە داعش تێکۆشان و بەریان پێگرت، بە هەمان شێوە تێدەکۆشن و کۆبانێ ناکەوێت. ئەمەش دەبێت وانەیەک بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بیخەن”.
تولای حاتەمئۆگیولاری جەختیشی كردەوە كە مۆدێلی چارەسەری بۆ سوریا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی رۆژئاوایە و وتی، “بۆ ئەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە رۆژئاوا ببێتە قەوارەیەکی فەرمی، دەبێت ئێمە پەرە بە تێکۆشانمان بدەین”.
حاتەمئۆگیولاری لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی”ئێمە لە ساتێكی مێژوییداین. لەو ساتانەدا ئێمە یان بە شێوەیەکی ئەرێنی ئاشتی بونیاد دەنێین، یاخود بە شێوەیەکی نەرێنی لە هەمو لایەک وەک غەززەمان لێدێت. هەربۆیە دەمانەوێت لێرەوە بانگەواز ئاراستەی ئەقڵی دەوڵەت بکەین؛ دیدار لە ئیمراڵی بەس نییە، دەبێت دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە، بۆ ئەوەی بەڕێز ئۆجەلان بتوانێت لەپێناو ئاشتیدا لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا تێبکۆشێت، پێویستە هەلومەرجی جەستەیی بۆ بخوڵقێندرێت.”