لڤین
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، تێکشکانی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیای بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق راگەیاند و هاوکات ئاماری سێ رۆژی شەڕ و پێکدادانەکانی بڵاوکردەوە.
ئەنجوومەنەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، “سەرباری رێککەوتنی ئاگربەست بە چاودێریی ئەمریکا، بەڵام گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، دەیان هێرشیان بۆ سەر پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین ئەنجامداوە “.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە “گرووپە چەکدارەکان لە هێرشەکانیاندا چەکی جۆراوجۆر و تانک و زرێپۆشیان بەکارهێناوە، جگەلەوەی زیاتر لە 20 درۆنی ئاکەنجی تورکی پاڵپشتییان کردوون”.
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، تورکیا تۆمەتباردەکات کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ پاڵپشتی ئاسمانیی بۆ گرووپە چەکدارەکان دابیندەکات، دەشڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە زیاتر لە 160 جار پێگە سەربازییەکانی ئەنجوومەنەکەی بۆردوومانکردووە.
ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، ئاماری شەڕ و پێکدادانەکانی سێ رۆژی رابردووی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، 210 ئەندامی گرووپە چەکدارەکان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق کوژراون و سەدان چەکداریشیان بریندار بوون.
هاوکات 39 ئۆتۆمبێلی سەربازیی و شەش تانکی تورکی تێکشکێنراون و پێنج درۆنی بۆمبڕێژکراویش خراونەتەخوارەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە ماوەی سێ رۆژی پێکدادانەکاندا، هەشت ئەندامی هەسەدە گیانیانلەدەستداوە و 13ـی دیکەش برینداربوون.