لڤین
لەگەڵئەوەى بۆماوەى 48 کاتژمێر قەدەغەى هاتوچۆ راگەیەنراوە و پرۆسەى سەرژمێرى گشتى بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەلایەن پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانییەوە هاوڵاتییەک لەسەر راوکردنى کەڵەکێوییەک لە چیاى بەرانان دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە؛ هەرچەندە بەهۆی بارودۆخی سەرژمێرییەوە بڕیاربو تەواوی هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بەڵام هاوڵاتیەک بەوپەڕی هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی ئێوارەى دوێنێ لە چیای بەرانان بێ رەحمانە هەستاوە بە راوکردنی کەڵێکی کێوییەک .
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە لەگەڵ ئەوەى ناوچەکە شاخاوییە و دۆزینەوەى تۆمەتبار ئاسان نییە، بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر لە گەڕان و پشکنین لەچەند لایەکەوە توانراوە لەلایەن مەفرەزە هاوبەشەکانی بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان و بنکەی باوەخۆشێن هاوڵاتیەک بە تۆمەتی راوکردنی کەڵەکێویەکە دەستگیر بکەن.
ئەوەشخراوەتەرو کە لەئێستادا راوچییەکە رادەستى دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنى رێکارى یاسایی و پەراوى لێکۆڵینەوەى بۆ کراوەتەوە.