لڤین
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، “مەترسیی بڵاوبوونەوەی سکچوون و رشانەوە لە شارەزوور بۆ ناوچەکانی دیکە نییە”.
سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، “حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە لەقەزای شارەزوور لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و ئامارەکان روو لە کەمبوونن و هیچ مەترسییەک نییە کە تەشەنە بکات بۆ ناوچەکانی دیکەی هەرێم”.
باسی لەوەشکرد، دۆخی تەندروستیی تووشبووان جێگیرە و وەزارەتەکەیان بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکات.
وتیشی، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی حاڵەتەکانەوە وەزارەتی تەندروستی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە هۆکارەکەی پێکهێنا و دەرکەوت کە پیسبوونی ئاو سەرچاوەی سەرەکیی تووشبوون بووە بە سکچوون و رشانەوە، هەر بۆیە رێکاری پێویست گیراونەتەبەر.
لەبارەی رێگاکانی خۆپارێزییەوە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم هۆشداری بە هاوڵاتییاندا و رایگەیاند، پێویستە لە ئاوی خواردنەوەیان دڵنیابن تاوەکو بەدوور بن لە سکچوون و رشانەوە و ئەگەر دڵنیا نەبوون پێویستە بە جوانی ئاو بکوڵێنن دوای ئەوە بەکاریبهێنن.