لڤین
وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕەزامەندى نیشانداوە لەسەر وەرگرتنى (804) قوتابى کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە بۆ یەکەمینجارە وەرگیراوانى ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ زانکۆلاین ناویان بڵاو دەکرێتەوە.
لەسەر ڕاسپاردەى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ چەندین ساڵە کارئاسانى تەواو کراوە بۆ وەرگرتنى قوتابییانى ناوچە دابڕێندراوەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، بەتایبەت ئەو قوتابیانەى لە قوتابخانە کوردییەکان دەخوێنن.
وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایى لە دەرچووانى شارى کەرکووک و خانەقین و شەنگال و تەواوى ناوچە دابڕێندراوەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان كرد و هیوا خواست لە ماوەى خوێندنەکەیان لە زانکۆکان بتوانن بە زانست و زانیارى خزمەت بە وڵاتەکەمان بکەن.
وەزارەتی خوێندنى باڵا رایدەگەیەنێت كە جیاواز لە ساڵانى ڕابردوو، دەرچووانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دەرچووانى هەرێمى کوردستان شوێنى وەرگرتنیان ڕاگەیەنرا و بەهەمان پرۆسە دەتوانن شوێنى وەرگرتنیان لە وێبسایتى ڕێگەى زانکۆ (regayzanko.com) بدۆزنەوە.