لڤین
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە ستیفن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد و دۆخی ناوچەکە و هێرشەکانی ئیسرائیلیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا سودانی جەختی لەوە کردەوە، پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی بە رۆڵی سەرەکی خۆیان هەستن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، بەتایبەت لەو دۆخەی بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان و غەزە لە ناوچەکە دروستبووە.
گوتیشی، پێویستە تەواوی جیهان سەرکۆنەی ئەم جەنگی کۆمەڵکوژییە بکەن و رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگیرێت و هیچ لایەنێک نەیانبەزێنێت.
لە دیدارەکەی نێوان سودانی و هیچندا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا تاوتوێ کران و گفتوگۆ لەبارەی دیاریکردنی وادەی نوێی سەردانی سودانی بۆ بەریتانیا کرا کە پێشتر بەهۆی رووداوەکانی ناوچەکەوە دواخرا.