لڤین
بانکی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بڕی ٦٠ ملیۆن دینار بەشێوەی قەرز دەداتە فەرمانبەرانی حکومەت. دەشڵێت، “مەرجە ئەو فەرمانبەرە لە رێگەی بانکی بازرگانییەوە مووچەکەی وەربگرێت”.
بانکی بازرگانی عێراقی لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئۆتۆمبێلدا کردووە بۆ دانی قەرز بەو فەرمانبەرانەی لە بانکەکە مووچە وەردەگرن.
ئەوەشی خستووەتە روو، قەرزەکە تاوەکوە ٦٠ ملیۆن دینار دەبێت و مەرجە وەرگر فەرمانبەری هەمیشەیی بێت و تەمەنی لە سەرووی ١٨ساڵەوە بێت.
باسی لەوەش کردووە، بانکەکە لە ماوەی هەشت ساڵدا قەرزەکە لە فەرمانبەرەکە وەردەگرێتەوە و مانگانە کەمتر لە ٥٠٪ـی مووچەکەی بۆ دانەوەی قەرزەکە دەبات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی ئەوەی پارتی و یەکێتی زەوی بانکە فەرمییەکانی عێراقیان داگیرکردووە و نایگەڕێننەوە هاوڵاتیانی هەرێم بێبەشن لە وەرگرتنی ئەم جۆرە قەرزانە و پێشتریش فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق داوای کرد ئەو بانکانە بکرێنەوە بانکەکانیش ئاماژەیان بەوە کرد، ئەگەر زەوییەکانیان بگەڕیندرێتەوە لقەکانیان لە هەرێم دەکەنەوە.