لڤین
ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، دووپاتدەکەنەوە کە بەرپرسیارێتیی وەزارەتی دارایی فیدراڵە، مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێرێت.
مەسرور بارزانى، سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک لەبارەى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزیران بڵاویکردووەتەوە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا دەرئەنجامی کارەکانی لیژنەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمى کوردستان بۆ سێ مانگی یەکەمی 2024 لەبارەی داهات و خەرجی و میلاک و تۆماری بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفی یەکگرتوو خرایەڕوو.
روونیشیکردووەتەوە، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە سەرجەم وەزارەتەکان بۆ برەودان بە هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمى کوردستان و فیدراڵ لەپێناو لابردنی هەر ئاستەنگێکی تەکنیکی لە بەردەم خەرجکردنی مووچەی مانگانەی هەرێمى کوردستان لەکاتی خۆیدا.
سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران جەختى لەوەشکردووەتەوە، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتیکردەوە، بەرپرسیارێتیی وەزارەتی دارایی فیدراڵە، مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێرێت، کە زیاتر لە 30 رۆژە لیستی تەواوی مووچەخۆران بۆ مانگی تەممووز بە سەرجەم زانیارییە داواکراوەکان رەوانە کراوە، بەڵام بە داخەوە تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێم خەرجنەکراوە.
باسى لەوەشکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە مووچە بە بڕیاری دادگا بە دوورگیراوە لە ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو حکومەت، بەو پێیەی مووچە شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و نابێت تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت، لە هەمانکاتدا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لەبەرامبەر وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ جێبەجێکردووە لە ناردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بەگشت زانیاریيەکانی تۆمارکراو لە داتابەیسی بایۆمەتریی و دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی، سەرەڕای ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجیيەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کاتی خۆیدا و هەروەها مانگانە بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمى کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە.
روونیشیکردووەتەوە، ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختیکردەوە كە نابێت بەهیچ جۆرێک هەبوونی تێبینی و سەرنج لە لایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ ببێتە هۆی راگرتنی خەرجکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان وەکو ئەوەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە دەکرێت، ئەمە مامەڵەیەکی جیاکارییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە دڵنیاین دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەردەوام راپۆرت لەبارەی کەموکورتییەکانی ژمێریاریی دامەزراوەکانی فیدراڵ پێشکەش دەکەن، بەڵام هیچ کات پەنایان بۆ دواخستن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق نەبردووە.
ئەوەشهاتووە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان رەوانە بکرێت، وەزارەتەکانیش لە نزیکەوە کار لەسەر راسپاردەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا دەکەن بۆیە نابێت راپۆرتەکانی چاودێری دارایی ببنە هۆکاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان.