لڤین
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە: ماوەیەکە گروپێک لە شارەکانی خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستانن، هەستاون بە دروستکردنی چەند هەژمارێکی جۆراوجۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی بانکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو گروپە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نرخی 100 دۆلاری ئەمەریکی بە 132 هەزار دیناری عێراقی دەگۆڕنەوە، بە تایبەت بۆ ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت گەشت بکەن، ئەم گروپە بە چەند ژمارە مۆبایلی جۆراوجۆر بە رێگای تۆڕی وەتسئەپ دەکەونە پەیوەندی لەگەڵ کەسەکە و داوای پاسپۆڕت و کارتی نیشتمانی و ماستەرکارد یان ڤیزا کاردی لێدەکەن.
باسی لەوەشکرد: دوای چەند خولەکێک داوای کۆدی سەر هەژماری بانکی لە کەسەکە دەکەن و لەدوای پێدانی ئەو کۆدە، راستەوخۆ هەر بڕە پارەیەک لەسەر هەژمارەکە بێت دەستی بەسەردا دەگیرێت.
ئاسایشی هەولێر روونیشیکردەوە: لە ماوەکانی رابردوو چەند دیاردەیەکی لەوشێوەیە روویداوە و بڕەپارەیەکی هاوڵاتییان دزراوە، بۆیە داوا لە هاوڵاتییان دەکەین خۆیان لەوجۆرە کەسانە بەدوور بگرن.