لڤین
بەگوێرەی نووسراوەکەی وەزیری دارایی عێراق کە ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی کردووە، بەهۆی کێشەی لیستی مووچەی هەرێمی کوردستانەوە، لە مانگی ئایاری 2024، زیاتر لە 151 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە نووسراوێکی ئاڕاستەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق کردووە و تێیدا هاتووە، بایۆمەتریی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناوی دووبارەی تێدایە و بەشێکی فەرمانبەرانیش بایۆمەترییان نییە.
لە نووسراوەکەی تەیف سامی ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی ناوی دووبارە لە بایۆمەتریی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بڕی یەک ملیار و 866 ملیۆن و 675 هەزار و 525 دینار زیادە لە لیستی مووچەدا هەیە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بەهۆی کێشەی لیستەکانی مووچەی هەرێمی کوردستان تەنیا لەمانگی ئایاردا بڕی 151 ملیار و 557 ملیۆن و 295 هەزار و 814 دینار زیادە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.