لڤین
فەرماندەی سوپای ئۆکرانیا ئهمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، دۆخەکە لە بەرامبەر هێرشی ڕوسیا بەتایبەتی لە بەرەی رۆژهەڵات “سەختە”، بەڵام هەمو بڕیارە پێویستەکان دراوە.
ئۆلێکساندر سیرسکی، فەرماندەی سوپای ئۆکرانیا لەپهیامێكدا له ڕێگەی تێلیگرامەوە، رایگهیاند، “دۆخەکە لە بەرامبەر هێرشی سەرەکی دوژمندا سەختە، بەڵام هەمو بڕیارە پێویستەکان لە هەمو ئاستەکاندا بەبێ دواکەوتن دەدرێن”.
سێرسکی بە دیاریکراوی شوێنی هێرشە سەرەکییەکەی ڕوسیای نەخستەڕو، بەڵام پێشتر خۆی و ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایانگەیاندبو، کە هێزەکانی ڕوسیا شاری پۆکرۆڤسکی گرنگ لە ڕوی ستراتیژییەوە دەکەنە ئامانج.
سیرسکی هەفتەی ڕابردو ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێکی لە بەرەی ڕۆژهەڵات لە نزیک پۆکرۆڤسک بەسەر بردوە و شەڕی لەوێ بە “زۆر قورس” وەسف کردوە.
ڕوسیا کە لە مانگی (شوبات/2)ی 2022ەوە دەستی بە داگیرکاری ئۆکرانیا كردوه، دەستی بەسەر بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا گرتوە، لە کاتی شەڕە توندەکاندا.
دەستکەوتەکان لە دوای دەستدرێژییەکی سەرسوڕهێنەری ئۆکرانیا بۆ ناوچەی کورسک لە ڕۆژئاوای ڕوسیا لە 6ی (ئاب/8)دا بەردەوامن، کە وادیارە ئامانجی سەرقاڵکردنی سەرچاوەکانی ڕوسیا و بەهێزکردنی پێگەی کیێڤ بو لە هەر دانوستانێکی داهاتودا.
هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئابدا چونە ناو ناوچەی کورسکی ڕوسیا، ئەوەش بە گەورەترین هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕوسیا لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوە وەسفکرا.