لڤین
جەمیل بایك، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، لە پرۆسەی چارەسەریدا هەمو ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا نراون، یەكلایەنە لەلایەن ئۆجەلان و پەكەكەوە بون و بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەوپێش بڕوات دەبێت حكومەتی توركیا هەنگاو بنێت. جەختیشدەكاتەوە كە لەبەرئەوەی گۆشەگیری سەر ئۆجەلان درێژەی هەیە، ئیدی ئەمان هیچ هەنگاوێكی نوێ نانێن.
جەمیل بایك لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی “یەنی یەشام” رایگەیاند، دەسەڵاتی توركیا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتییەوە هەوڵدەدات، بڵێت، “لەدژی پەكەكە تێكۆشاین و لەناومان برد” و وتیشی”پەکەکە تەڤگەرێکی شکستخواردو نییە، بەپێچەوانەوە تەڤگەرێکی لەو شێوەیەیە کە گەیشتوەتە ئاستێکی نێونەتەوەیی. ڕێبەر ئاپۆ بوە بە هیوای ئەو هێزانەی لە جیهاندا لە دژی سەرمایەداری تێدەکۆشن.”
جەختیشی كردۆتەوە كە لەگەڵ ئەوەی حكومەتەكەی ئاكەپە هەوڵی ئەوە دەدات كە بڵێت، ئەوان پلانی پڕۆسەی چارەسەرییان داناوەو بەگوێرەی پلانەكانی ئەوان پڕۆسەكە بەڕێوەدەچێت، بەڵام “پێویستە ڕای گشتی زۆر باش ئاگاداری ئەمەبێت. هەمو ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا نراون بە دەستپێشخەری کەسی ڕێبەر ئاپۆ هەڵگیراون. تەڤگەریشمان بۆئەوەی هەنگاو و خواستەکانی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکات، بوە پشتیوانی ڕێبەر ئاپۆ و دەستی بەهێز کرد. ئەوەی ئەنجام دراوە هەر ئەمەیە و هیچی دیکە. هەمو هەنگاوەکان یەکلایەنە گیراونەتەبەر.”
وتیشی”ئەو هەنگاوە یەکلایانانەی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرمان ناوێتی هەر ئەمانە بون. بەرپرسیارێتی خۆمان لە پێش گەلاندا جێبەجێ کرد. جگە لەمەش بۆئەوەی پرۆسەکە بەرەوپێش بڕوات دەبێت دەوڵەتی تورک، حکومەت هەنگاو بنێت. تاوەکو ئێستا هەنگاوێکی نەناوە. بەشێوەیەک لە شێوەکان کەمێک گۆشەگیرییان سوک کردوە، هەر ئەوەندەیە. لەبەرئەوەی گۆشەگیری درێژەی هەیە، ئیدی ئێمە هەنگاوی نوێی لەم شێوەیە ناتوانین بنێین. بۆئەوەی هەنگاوی نوێ بنرێت، دەبێت هەلومەرجی کارکردنی ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕن و کۆتایی بە سیستەمی ئیمراڵی بهێندرێت.”
جەمیل بایك لەبارەی ئەو قسانەی كە گوایە دەم پارتی، جەهەپە و ئاکەپە لە ڕێککەوتندان، وتی”ئەوەی شتەکان دیاری دەکات کوردە، ئەمە ڕونە. بۆ دەسەڵات و بۆ ئۆپۆزسیۆنیش. بەڵام کورد لە پێگەیەکی ئەوتۆدا نییە هەندێک لایەن بکاتە دەسەڵات و هەندێکیش لە دەسەڵات بخات. ئامانجی کوردان دیموکراتیزەکردنی تورکیایە. پێکهێنانی یاسای ئازادییە. نوسینەوەی دەستورێکی دیموکراسییە بە گوێرەی خواستەکەی. ئەو پێگەیەی کورد هەیەتی پێگەیەکی وایە. ناوی دەنێین ‘ڕێگەی سێیەم’. نە دەکەوێتە خزمەتی دەسەڵات و نە دەکەوێتە خزمەتی ئۆپۆزسیۆنەوە. وەک تەڤگەر ئەمە خەمەکەمانە. هەرگیز هەڵگری ئەو تێگەیشتنە نین هەندێک بکەینە دەسەڵاتدار. تێکۆشانمان بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیایە. بۆئەوەش دەمانەوێت ئەمە بە هێزی خاوەن ئامانجی دیموکراسی پێکبهێنین. پێویستە بەم شێوەیە ئامانجەکەمان لێکبدرێتەوە. ئێمە لە بەرەیەکدا نین. ناجوڵێینەوە تا ئەوەی هەندێک لایەن بکەینە دەسەڵاتدار. ئەو شتەی تێیداین چییە؟ بێگومان دیموکراسیبونی تورکیایە. پێویستە هەنگاوە پێویستەکانی ئەمە بنرێت. کام لایەن لەم ڕوەوە هەوڵبدات ئێمە لەگەڵ ئەودا دەبین و تێکۆشانمان بۆ ئەو ئامانجەیە.”
بایك لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی مەراسیمی چەک سوتاندنی ‘گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی’ پەكەكە، وتی”سەرنج بدەین جیهان بەرەو بەرتەسکبونەوە و بچوکبونەوە دەچێت، ناتۆ بچوک دەبێتەوە. بەراورد بە پێشو پێ بە پێ ڕێژەی چەک زیاد بوە. لە جیهانێکی لەم شێوەیەداین. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوین چەک قسەدەکات، بوە بە نمونەی گۆمی خوێن، گۆڕانکاری کاریگەر لە ئارادایە. لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا ئێمە چەکەکانمان سوتاند.”
وتیشی”بێگومان ئەمەش مانادارییەکی هەیە. بەم بۆنەیەوە ویستمان ئەم پەیامە بدەین؛ لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا کە جیهان بەرەو بچوکبونەوە دەچێت، ناتۆ بەرەو بچوکبونەوە دەچێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین شەڕ ڕودەدات، ئێمە چەکەکانمان سوتاند. ئەمە چ مانایەک دەگەیەنێت؟ بەو مانایە دێت ‘ئێمە دەمانەوێت جیهان لە چەک ڕزگار بکەین’. هەروەها پەیامێکی دیکەشی هەیە؛ ڕابردو، نەریت، چاندی کوردی هەیە. نەورۆز هەیە. ئاگر.. ئێمە ڕۆڵەی ئاگرین. بە سوتاندنی چەکەکان بەڕون و ئاشکرایی نیشانماندا کە دەمانەوێت سەردەمێکی نوێ بێنینە ئاراوە. نیشانی هەموانماندا کە جارێکی تر نامانەوێت چەک هەڵبگرین، نامانەوێت بەردەوامی بە تێکۆشانی چەکداریی بدەین. واتا کە چەکانمان سوتاند، لەبەرئەوە کردمان. هەڤاڵ بەسێ و ئەوان چیان وت؟ وتیان، ‘ئێمە دەمانەوێت بچینە تورکیا، بەشداریی لە سیاسەتی دیموکراسی بکەین. ئێمە دەمانەوێت لە سیاسەتی دیموکراسیدا تێبکۆشین. دەمانەوێت ئەم شێوازە لە سیاسەت پەرە پێ بدەین. بەڵام لەبەرئەوەی هەلومەرجەکانی، زەمینەکەی بونی نییە، جارێکی تر دەگەڕێینەوە ئەو جێیەی لێی هاتوین’. ئەمانەمان بە ڕون و ئاشکرا وتوە. لەئێستادا ئەگەر ئەو هەڤاڵانەی کە چەکەکانیان سوتاند بگەڕێنەوە تورکیا، هەمویان دەخەنە زیندانەوە.”
هەروەها ئاماژەی بەوەدا “پراکتیکی گروپەکانی ئاشتیی پێشومان لەبەرچاوە. چۆن بچن؟ بۆئەوەی بتوانن بچن پێویستە یاساکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت. گۆڕانکاریی لە یاساکاندا نەکراوە. یاساکانی ‘دژە تیرۆر’ بەردەوامن. هێشتاش ژنێکی کورد لەبەرئەوەی لە ئیستانبوڵ گوێی لە موزیکی کوردی گرتوە هێرشی دەکرێتە سەر. لەو هەلومەرجانەدا چۆن بچن؟ چیتر ناتوانن لەوێ بمێننەوە. ساڵانێک بە چەکەوە لە چیا مانەوە، تێکۆشان، ئەو کەسانە ئێستا چەکەکانی خۆیان دەسوتێنن. بە هەرحاڵ لە ناوەڕاستێکی لەو شێوەیەدا نامێنێتەوە. چی بکات؟ ئەگەر جارێکی تر بگەڕێتەوە ئەو شوێنەی لێی هاتوە، بێگومان پێویستی بە گەرەنتییە. لەبەرئەوەی بارودۆخێکی ئارام نییە. ئەگەر هاتبن لەبەرئەوە هاتون. لەئێستادا ئەو هەڤاڵانە چەکەکانی خۆیان سوتاند و نایانەوێت جارێکی تر چەک هەڵبگرن. هەرخۆی ئێمەش وەکو تەڤگەر، بە ڕاستی نازانین ئەم هەڤاڵانە جارێکی تر چەک هەڵبگرنەوە. بێگومان ئەم هەڤاڵانە کێشەی ئەمنییان هەیە. ئێمە ئاساییشیان لە ئەستۆ دەگرین و پێکی دەهێنین. ئەوان جارێکی تر چەک هەڵناگرن. چەکەکانیان سوتاند. ئیتر بێ چەکن. هەنگاوی پراکتیکیی ئەمەیان نا. وتیان، ئێمە چیتر چەک بەکارناهێنین. دەمانەوێت لە گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراسیدا کاربکەین. ئەگەر ئێوە زەمینەی یاسایی ئەمە بسازێنن، ئێمە چیتر نامانەوێت چەک بەکاربهێنین. لەبەرئەوە ئەو هەڤاڵانە ئێستا لەنێو ئێمەدا لە ئاسایشدان و بێ چەکن.” بایك لەوبارەیەوە جەختی كردەوە كە دەبێت یاساکان گۆڕانکارییان بەسەردابێت.
















