لڤین
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە بە “بڕیارێکی مێژوویی” ناودەبات و دەڵێت، “گەلی کورد لە 40 ساڵی رابردوودا باجی قورسی دا و بەم بڕیارە مێژووییە قۆناخێکی نوێ دەستیپێکرد.”
ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی، لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025 وتى: پێویستە ئەمڕۆ هەر چوار پارچەی کوردستان لە رۆڵی خۆی باش تێبگات و بەرپرسیارێتیی خۆی لەئاست ئەم بڕیارە جێبەجێ بکات.”
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، “پرۆسەکە بە شێوەیەکی دوولایەنە بەردەوامە و لایەنێکی پرۆسەکە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. بەو هۆیەوە داواکاری یەکەم و سەرەکیمان وەکو دەم پارتی ئەوەیە کە ئازادیی بەڕێز ئۆجەلان رووبدات.”
ئایدەنیز باسی لەوەش کرد، “گرنگە یاساکان بگۆڕدرێن. هەروەها گرنگە لیژنەیەک بۆ سەرجەم یاسا نادیموکراسییەکانی تورکیا بە بەشداریی سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمانی تورکیادا پێکبهێندرێت، لەو چوارچێوەیەدا خەباتی دیموکراسی بەڕێوەبچێت.”
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025 دیوانی سەرۆکایەتیی 12یەمین کۆنگرەی پەکەکە، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی بە فەرمی راگەیاند.
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزرا، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم رووبەڕووبوونەوەی چەکداری بەرامبەر سوپای تورکیا ئەنجامدا.